نێچيرڤان بارزانى: ئەنفال یەکێکه لە دڕندانەترین کۆمه‌ڵکوژی لە مێژوودا که 182 هەزار کورد بوونە قوربانی
بارزانى: بەردەوام دەبین بۆ بەدەستهێنانی دانپێدانانی نێودەوڵەتيی تەواو بە تاوانی ئەنفالدا وەک جینۆساید
«نێچيرڤان بارزانى» سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له په‌یامێکدا له سی و حه‌وته‌مین ساڵیادی كاره‌ساتی دڵته‌زێنی جینۆسایدی «ئەنفال» Anfal به ده‌ستی ڕژێمی به‌عس ڕایگه‌یاند: ئەنفال یەکێک لە دڕندانەترین تاوانەکانی جینۆساید بوو لە مێژوودا كه تیایدا زیاتر لە 182 هەزار منداڵ و ژن و پیاوی گەلی کوردستان بوونە قوربانی و هێشتا کاریگەرییە ئازاربەخشەکانی لە ویژدان و یادەوەریی گه‌له‌كه‌ماندا ئامادەن.
ده‌قی په‌یامی «نێچيرڤان بارزانى» سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له ساڵیادی كاره‌ساتی دڵته‌زێنی جینۆسایدی ئەنفال، له خواره‌وه‌دا هاتووه:
ئەمڕۆ، یادی به‌ئازاری سی و حەوت ساڵه‌ی شاڵاوه به‌دناوه‌كانى ئەنفال ده‌كه‌ينه‌وه کە ساڵی 1988 لەلایەن ڕژێمی پێشووی عێراقەوە ئەنجام درا و تیایدا زیاتر لە 182 هەزار منداڵ و ژن و پیاوی گەلی کوردستان بوونە قوربانی. ئەنفال یەکێک لە دڕندانەترین تاوانەکانی جینۆساید Genocide بوو لە مێژوودا كه هێشتا کاریگەرییە ئازاربەخشەکانی لە ویژدان و یادەوەریی گه‌له‌كه‌ماندا ئامادەن.
لەم ياده‌دا، بە ڕێز و شكۆدارييه‌وه شەهیدانی ئەنفالکراو بەبیر ده‌هێنینەوە و سڵاو له بنەماڵە و كه‌سوكارى خۆڕاگریان دەکەین. دووپاتی دەکەینەوە کە حکوومەتی فیدراڵی عێراق، بەرپرسیاريه‌تيی یاسایی و ئەخلاقی هەیە لە قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری ئەنفالکراوان له هه‌موو ڕوويه‌كه‌وه. پێويسته بڕیاری دادگای باڵای تاوانەکانى عێراق جێبه‌جێ بكات کە ئەنفالی وەک جینۆساید و تاوانی دژی مرۆڤایەتی ناساندووه.
جه‌خت ده‌كه‌ينه‌وه كه هه‌موو لايه‌نه په‌يوه‌نديداره‌كانى هه‌رێمى كوردستان كار ده‌كه‌ن بۆ پێشکەشکردنی پشتگیری و چاودێری بۆ بنەماڵەی شەهیدان و ئاوەدانکردنەوەی ناوچە ئەنفالکراوەکان و دۆزينه‌وه و گێڕانه‌وه‌ى ڕوفاته‌كانيان بۆ نيشتمان، هەروەها بەردەوام دەبین لە هەوڵەکانمان بۆ بەدەستهێنانی دانپێدانانی نێودەوڵەتيی تەواو بە تاوانی ئەنفالدا وەک جینۆساید.
قەوارە و ده‌ستكه‌وته‌كانى هەرێمی کوردستان، بەرهەمی قوربانیدانی شەهیدانن. لەم یادەدا، داكۆكى له یەکڕیزی و پێکەوەيى بۆ پاراستنی مافە دەستوورییەکانمان و بنیاتنانی داهاتوویەکی باشترى پڕ له دادپەروەری و ئاشتی بۆ گەلى كوردستان، ده‌كه‌ينه‌وه.
نێچیرڤان بارزانی
سەرۆکی هەرێمی کوردستان
2025/4/14
342/
Your Comment